جافر

جافر
بازدانی من له نادر و بارام و ته‌نانه‌ت له عه‌به شه‌ل ، کورت‌تر بوو . گه‌رچی مه‌ودای نێوان ئه‌م بان و ئه‌و‌یتر زۆر نه‌بوو ، به‌ڵام هه‌ر دوو دڵ بووم . له‌وه ده‌ترسام وه‌کوو ئه‌و جاره‌ی له‌سه‌ر بانی ماڵی سمایل سیمبانه‌وه بازمان دا بۆ سه‌ربانی ماڵی ئه‌حه پادگانی ، نه‌یگه‌مێ و به‌سینگه‌وه بکه‌ومه سه‌ر که‌ڵکه‌که‌و شۆڕببمه‌وه خواره‌وه و ئه‌مجاره‌یان له باتی باوکی ئه‌حه ، عه‌مه‌ر خانم له‌پ بکوتێ و لاقم بگرێ و وه‌کوو ئه‌وکاتانه‌ی زرمه‌ی پێی منداڵێک له‌سه‌ر بانه‌که‌ی هه‌ڵده‌ستا و خۆڵ ده‌ڕژایه سه‌ر کۆشی ، هاوار بکات ئه‌ی به‌قوڕا بچی ، خێر نه‌دیوو .
ده‌یانگوت شیعه مه‌زهه‌به و که‌س نازانێ له کام دێوه هاتووه‌ته ئێره . هه‌ندێ که‌س به‌تایبه‌ت ژنان پێیان وایه چاوی ده‌بینێ و به ئه‌نقه‌ست وا له خۆی ده‌کات . ئێواره‌یه‌ک که ژنان له به‌ر ماڵی ئێمه دانیشتبوون ، ئێران خانم به دایکمی وت ئه‌وه خوای ئه‌و ئه‌فسه‌ره جوان و باڵابه‌رزه‌یه ، عه‌مه‌ری گرتوه . ده‌یانوت ئه‌فسه‌رێکی ته‌بعیدکراوی فارس ئاشقکی بووه و دواتر سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتوه‌و و که‌س به شوێن و ئه‌سه‌ری نازانێ . داده کوبرا وتبووی بۆچی خوای ئه‌وئه‌فسه‌ره ؟ ئه‌و عه‌مه‌ری به‌جێ هێشت ، خه‌تای ئه‌م چییه ؟ ئێران خانمیس وه‌کوو هه‌میشه به حازرجواوی وتبووی ، به‌سه‌رگه‌ڕاندی داده گیان ، به‌سه‌ر گه‌ڕاندی . داده کوبرایش وه‌ک هه‌میشه ده‌یوت که‌س له پێچ و قه‌مچی رۆژگار سه‌ر ده‌رناکات .
عه‌مه‌ر خانم پیره ژنی درێژ و بێده‌نگ ، ده‌مه‌و عه‌سر دێت و له‌سه‌ر سه‌کۆی ته‌نیشت ده‌رگا دارینه‌که‌یان داده‌نیشێ . گوێی هه‌ڵده‌خا بۆ ده‌نگی پێی رێبواران . خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که‌که‌ی به ده‌نگی پێیاندا ده‌ناسێته‌وه . هێنده داستانی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان لێگێڕاوه‌ته‌وه ، منداڵ لێی ده‌ترسن . یه‌ک ده‌ڵێ سه‌گێکی هاری له حه‌وشه‌که‌یان به‌ستووه‌ته‌وه . یه‌ک ده‌ڵێ جندۆکه خزمه‌تی ده‌که‌ن . هه‌رکه‌س شتێک ئه‌یژێ . که ده‌منێرن بۆ نان کڕین ، ئه‌گه‌ر له به‌ر ده‌رگا دانیشتبێ ، با ده‌ده‌مه‌وه و به پشت ماڵی سه‌ی نه‌جمه‌دا خۆم ده‌گه‌ینمه نانه‌واخانه‌ی شاتر داشی ، ئه‌گه‌ریش له‌به‌ر ماڵ نه‌بێ ، هێدی هێدی ده‌چمه پێش و به‌لاچاو سه‌یری ده‌رگای ماڵه‌که‌یان ده‌که‌م و هه‌ڵدێم . مامی عه‌به شه‌ل وتبووی خۆی دیتوویه هه‌ندێ ده‌ره‌جه‌دار له پادگانه‌وه دێن و شه‌و لای ده‌مێننه‌وه .
ده‌ی زووکه ترسنۆک ، به‌خوا هیج نییه ، ناتبینێ . نادر ئه‌مه‌ی وت و بارام به‌و زمانه تور‌یه‌وه بۆی سه‌نده‌وه ئه‌گه‌ر بازنه‌ده‌ی ئێمه ئه‌ڕ ئه‌ڕ ئه‌ڕ نادر قسه‌که‌ی بۆ ته‌واو کرد ، ئه‌ڕۆین . بارام زۆر جار نه‌یده‌توانی رسته‌کانی خۆی ته‌واو بکات و له ئاخرین که‌لیمه‌دا گیری ده‌کرد ، هه‌ر که‌س له ته‌نیشتی بوایه ده‌بوایه یارمه‌تی بدایه و قسه‌که‌ی بۆ ته‌واو بکردایه . زۆرتر له‌سه‌ر کلاس و له کاتی وڵام دانه‌وه به موعه‌لمه‌کاندا گیری ده‌کرد .
هه‌رچیم ده‌کرد نه‌مده‌وێرا باز بده‌م . ده‌مزانی که ده‌توانم بپه‌ڕێمه‌وه به‌ڵام جۆره ترسێک ئه‌ژنۆمی ده‌خسته له‌رزین . کۆتره‌کانی سه‌ی عه‌باس گه‌چکار به ئاسمانه‌وه بوون . پۆلێ کۆتری ڕه‌ش و سپی ده‌سووڕان و ناوه ناوه ته‌وقه‌یان لێده‌دا و فڕه‌ی باڵیان ده‌گه‌یشته گوێ . حه‌تمه‌ن سه‌ی عه‌باس خۆی داوه‌ته پاڵ هه‌نجیری حه‌وشه‌که‌یان و ته‌ماشای کۆتره‌کانی ده‌کات و که‌یفی سازه . نادر و بارام حه‌جمینیان لێ‌بڕابوو . به‌سینگه‌وه له‌سه‌ربانه‌که ڕاکشام و ملم درێژ کرده‌وه بۆ نێو کۆڵان . ئه‌گه‌ر لێره ده‌رباز بووینایه ، به دیواره کورته‌که‌ی پشت ماڵی قاسم نژادا ده‌هاتینه خواره‌وه‌وه و بانه‌وبانی ئه‌ورۆمان ته‌واو ده‌بوو . هێشتا هه‌ڵنه‌ستابوومه‌وه که سه‌ی فاتم به دوو نانی سه‌نگه‌کییه‌وه ده‌رکه‌وت . نانه‌کانی به لۆی سه‌رپۆشه سه‌وزه‌که‌ی گرتبوو . ئه‌وه خۆتی داده سه‌ی فاتم ؟ عه‌مه‌ر خانم ده‌نگی پێی ناسیبه‌وه . سه‌ی فاتم نان سه‌نگه‌کیه تازه‌که‌ی ده‌ستا‌وده‌ست کرد و وه‌ستا . خۆمم داده گیان ئه‌ی کێیه به‌م ده‌مه‌و عه‌سرا . ئه‌و شه‌و قاپێ دۆڵمه میوانی منی عه‌مه‌ر خانم ، هیچ لێمه‌نێ . عه‌مه‌ر سه‌ری به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ی سه‌ی فاتمی لێوه‌ستابوو هه‌ڵبڕی و پێکه‌نی . خێره شکور داده سه‌ی فاتم گیان ؟ سه‌ی فاتم سه‌رپۆشه سه‌وزه‌که‌ی ئاڵانده ملی و به زه‌وقه‌وه وڵامی دایه‌وه ، جافر به‌سه‌لامه‌تی گه‌راوه‌ته‌وه . به سه‌رگه‌ردی باڵای بم . ئه‌مه‌م بیست و له سه‌ر له‌پ پاشه‌وپاش گه‌ڕامه‌وه‌و به‌سه‌ر بانی نانه‌واخانه ته‌برێزییه‌که‌دا بازم دا و خۆم گه‌یانده سه‌ر ئه‌و بانه‌ی ماڵی سه‌ی فاتمی لێ‌دیار بوو . پڕمه‌ی ئه‌سپه‌که‌ی جافرم بیست . نه‌مده‌توانی بیبینم . حه‌تم سه‌ری له ئاخۆری خوار حه‌وشه‌که‌دا بوو که هه‌رزاڵێکی بچووکی له‌سه‌ر بوو . ئاورم دایه‌وه . بارام و نادر دیارنه‌بوون . دڵنیام سه‌د قسه‌یان پێ وتوم و به دیواری که‌لاوه‌که‌دا داگه‌ڕاون و به‌ره‌و ناو جاڕ رۆشتوون .
جافر هاتبووه به‌رهه‌یوان و ده‌ستی به کۆڵه‌که‌ی به‌رهێوانه‌که‌وه گرتبوو . تووکی سه‌رسینگی له درزی کراسه ره‌شه‌که‌یه‌وه دیار بوو . سه‌ری رووت بوو ، قژه قه‌ترانییه‌که‌ی جێی پێچ و مشکیه‌که‌ی پێوه دیار بوو . پێستی ده‌موچاوی وه‌ک ره‌نگی مس وابوو . تینی رۆژ ، به‌ردیش ده‌سووتێنێ . دایکم وای ده‌وت . به‌ره‌و من که لای کرده‌وه پێکه‌نی . ریزێ ددانی سپی و دانه‌یه‌کیان ته‌ڵا به‌ده‌م پێکه‌نینیه‌وه ده‌رکه‌وتن . تا ئێسته جافرم وا نه‌دیبوو . هه‌میشه له‌سه‌ر پشتی ئه‌سپێک دیتبووم که زینه‌که‌ی چه‌رمی نه‌بوو ، کۆپان بوو ، کۆپانی قه‌جه‌ری . گۆڵه‌نگی ڕه‌نگاوره‌نگ به سینه‌وه‌نی ئه‌سپه‌که‌وه شۆربوبوونه‌وه . سه‌رکه‌له‌که‌شی به مووری شین ڕازێنرابوه‌وه . جارێکیان که ئه‌سپه‌که‌ی هێنایه سه‌ر ده‌ست ، کلکی له زه‌وین خشا و سه‌رته‌نگه‌گه‌که‌یم دیت که پێستی ژێر سکی ئه‌سپه‌که‌ی سپی کردبوو . زۆربه‌ی ئه‌و جارانه دیتبووم له تاریک و روونی ئێواره‌دا بوو . که ده‌هاته‌وه ، منداڵی گه‌ڕه‌ک زه‌وقیان ده‌کرد . ره‌شتییه‌که‌ی به جۆری له ده‌وری سه‌ری ده‌بست که ریشاڵه‌کانی له کاتی یورغه‌دا ده‌له‌رینه‌وه . پاییز و زستانان جامانه‌ی ده‌به‌ست و کوڵه باڵێکی له به‌ردا بوو . ئه‌و شه‌وانه‌ی خه‌وم لێنه‌ده‌که‌وت ده‌نگی پێ و پڕمه‌ی ئه‌سپێکم ده‌بیست که کۆڵانه باریکه‌که‌ی لای ماڵمانه‌وه ڕه‌ت ده‌بوو . دڵنیا بووم خۆیه‌تی . له‌و گه‌ڕه‌که‌ی ئێمه‌دا که‌س ئه‌سپ و یابووی نه‌بوو . ئه‌گه‌ریش هه‌یبوای به‌و نیوه شه‌وه‌دا له ده‌روه نه‌بوو . به‌یانیه‌که‌ی به باوکم ده‌وت ئه‌و شه‌و ئه‌سپه‌که‌ی جافر به پشت دیواره‌که‌ی ئێمه‌دا
ره‌ت بوو . ڕوڵه گیان ئه‌وه ئه‌سپ نییه ، یابوه یابوو . باوکم وای ده‌وت . هه‌ندێ له مناڵه‌کان ده‌یانگوت ده‌مانچه‌شی هه‌یه . من نه‌مدیتبوو ، نه‌جمه سوێندی به نامووسی دایک و خوشکی ده‌خوارد که دمانچه‌که‌ی جافر له برنه‌وه کورته‌که‌ی سه‌ی حه‌مه ڕه‌حیم به‌قوه‌تتره . هه‌موو خه‌ڵکی گه‌ڕه‌ک گوێمان له ده‌نگی ئه‌و برنه‌وه کورته بوو که سه‌ی حه‌مه ره‌حیم له زه‌ماوه‌ندی فه‌خره‌ی کوریدا ، کاتێ زاوا له په‌رده هاته ده‌ر ، دوو فیشه‌کی پێته‌قاند .
سه‌ی فاتم نه‌گه‌یشتبووه به‌ر ده‌رگای ماڵی خۆیان که سێ ژاندار له چه‌قی ده‌رگاکه‌یان ئاماده بوون . ئۆستوار عه‌لی سه‌رداری و دوو سه‌رباز ، یه‌کیان تفه‌نگێکی ئێم یه‌کی له شان بوو . له‌سه‌ر لێواری بانه‌که دانیشتمه سه‌ر جیجکان و سه‌ی فاتمم دی که به چ هه‌ڵه‌داوانێک به‌ره‌و ماڵ ده‌هات . سه‌رپۆشه سه‌وزه‌که‌ی کرابووه ، قژه ماش و برنجییه‌که‌ی که‌وتبووه سه‌ر سینه‌ی له مراوییه‌کی پیرهده‌چوو که ده‌یویست به په‌له له‌سه‌ر شه‌پۆله‌کانی زرێبار بنیشێته‌وه . چیتان گه‌ره‌که باوک و براکه‌م ، فه‌رموون بچنه ماڵه‌وه . سه‌ی که‌ریم خۆی له ماڵ نییه . چایمان حازره جه‌ناب سه‌روان . هه‌ستام و دانیشتمه‌وه . جافر له‌به‌رهه‌یوانه‌که نه‌مابوو . ئۆستوار عه‌لی سه‌ردار وتی داده‌سه‌ی فاتم سه‌دجارم پێوتوی من جه‌ناب سه‌روان نیم ، من ئۆستوارم . ده‌ی باوکی باوکم تۆ چ فه‌رقێکت هه‌یه ته‌ک سه‌روانا . له‌و ژاندارمریا تۆ له گشتیان ده‌سرۆیشتووتری . فه‌رموو نان تازه مه‌یل که باوانم . سه‌ی فاتم ته‌واوی هونه‌ری خۆی خستبووه کار به‌ڵکوو دڵی ئۆستواری پێ نه‌رم بکات . جافر له‌ماله؟ سه‌ی فاتم په‌شۆکا . نه‌به‌سه‌ری تۆ . ئۆستوار عه‌لی سه‌ردار پێکه‌نی . دوێنێ شه‌و گه‌راوه‌ته‌وه ، خه‌به‌رم هه‌یه . چووه‌ته کانی سانان بۆ لای خزمانی باوکی باوکم . ئه‌گه‌ر له ماڵ بوایه ده‌هاته خزمه‌تت . عه‌لی سه‌ردار کڵاوه‌که‌ی داگرت و به ده‌سماڵه هه‌ورێشمه ئه‌زدییه‌که‌ی ئارقه‌ی ناو چه‌وانی سڕی . قژی ته‌نک بوو ، چه‌ند ساڵی مابوو تا هه‌مووی سپی ببێ . باشه سه‌ی فاتم ، بروات پێده‌که‌م ، ئه‌گه‌ر هاته‌وه پێی بڵێ تا ژاندارمری بێت کارم پێیه‌تی . به‌چاوان باوانه‌که‌م به‌چاوان هه‌ر ئه‌مرێکت هه‌بێ بۆتی جێبه‌چی ئه‌کات . که ئۆستوار و سه‌ربازه‌کان به شوێن خۆیاندا گه‌ڕانه‌وه . به په‌له ده‌رگای کردوه‌و چووه ژووره‌وه . که هه‌ستامه سه‌رپێ ، ته‌نیا لۆی سه‌رپۆشه‌که‌یم دیت که وه‌ک باڵی مراویه‌ک شه‌کایه‌وه و له به‌رهه‌یوانه‌که هه‌ڵبه‌زی . نه‌مده‌زانی ده‌بێ چ بکه‌م . ئۆستوار عه‌لی چی له جافر ده‌ویست . ئه‌گه‌ر کاری خۆی پێبوایه بۆچی دوو سه‌رباز و تفه‌نگێکی له گه‌ڵ بوو . کۆتره‌کان به‌رزتر بوبوونه‌وه . له بازنه‌یه‌کی گه‌وره‌تردا ده‌خولانه‌وه . له‌سه‌ر سه‌رته‌نووری ماڵی حاجی حه‌بیبه‌وه بازم دایه کۆڵانی پشت ماڵی سه‌ی نه‌جمه‌ی گه‌چکار و و به‌ره‌و ناو جاڕ تێمته‌قاند .
ئه‌گه‌ر هه‌ر که‌س به قه‌ده‌ر زانستی خۆی قسه‌ی ده‌کرد، دونیا چه‌ند ئارام و بێده‌نگ ده‌بوو .