نیشانەی پوختەگی بێدەنگییە (نالی) ئەگەر پوختەی

بە شیدەت تەی بکە نامە ، بە حیدەت پەی بکە خامە

 

بەرزاییەکانی بێدەنگی

فەریدوون ئەرشەدی

 

چەن هەژارانەن کوێر

ئەم خەنجەرانەی لە سینگمدان

ژەنگاوی تا مستوو

ئاودراو بە چاڵاوی تاریکی

 

جادە بە سمکۆڵانی شیعرمەوە

لە سووڕێک دەگەڕێ

بە منەوە بەرینتر .

 

هەساندراون بە کاژی مار و

ئیفلیج

رێ نابەنە هەڵومووتی دڵم

هەموون ڕۆچوو

تا لێواری خوێنم

شادان .

 

هەڵکە تۆفانی برژانگت

کە یاڵی نۆمایەک لە پاییزمدایە

شەڕئەنگێز .

 

 

نە قریشکەی پڵینگن

نە شاڵاوی پشیلە

نووزەیەکن ڕازاوە بە ڕستەی ڕزیوو

لە چەمبەرەی قارچکاندا

بە تریشقەی هەوری قسڕ

هەڵتۆقیوو .

 

پڕ کە تەماشام

لە حیلەی نیگات

(مایینێکی قاویی کاڵ)

لە جەنگەڵی خەزاندا

خەمئەنگێز .

 

زەردە چڕنووکی پەنجەیان

(لە کۆنەوە تا هەمیشە)

تا سوورە روومەتم

بە خوێنی خۆم

کە هەلاهەلایە گیانم

بە چەقۆی زناران

لە بەرزاییەکانی بێدەنگی .