عەیزەت

عەیزەت
فەریدوون ئەرشەدی
ئاسەی عەلی هۆرەی بچریایێ، کۆڵانەکەمان پر دەبوو لە دڵتەنگی
. هاوینان ئەو شەوانەی جۆرێک جەزبە دەیگرت، پاڵی دەدا بە کۆڵەکەی بەرهەیوانەکەیانەوە
، هۆرەیەکی فرە حەزینی دەچڕی . لەوکاتانا باوکم
سیگارێکی دادەگیرساند و دایکم خۆی بە کارێکەوە خەریک دەکرد . دیار بوو لە شتێک هەڵدێن
و حەز ناکەن بیری لێبکەنەوە . دەیان گوت سدێقە شێتی کوڕی سەی عەلی
بەم هۆرەیە ئارام دەگرێ .
لە ناو دەروازەی ماڵی خۆماندا دانیشتووم، چاوەڕێی بارام و نادر ئەکەم . دەنگی سەی عەلی وای لێکردووم بڕۆم و قامک لەسەر زەنگی دەرگاکەی ئەوان دانێم و
تا هەموو خەڵکی ماڵیان نەهاتوونەتە دەرەوە، قامکم هەڵنەگرم ، بەڵام لە براکانی ئەترسم
. دڵنیام ئەویش لە براکانی ئەترسێ وا کاتێ لە ماڵی خوشکی دەگەڕێتەوە و دەگاتە ئاستی
من ، لۆی چارشێوەکەی دێنێتەوە سەر دەمی و هەر بە گۆشەی چاو بۆم دەڕوانێ . باوکم
بۆ خەلیفە رەحێمی دەگێرایەوە کە گیر خواردن لە گۆشەدا ، لە جەرگەی کارەساتەکە کوشەندەترە، وەکوو گۆشەی زیندان و گۆشەی
خانەقا و گۆشەی تەنیایی و دڵنیام مەبەستیشی گۆشەی چاو بووە . ڕەنگە ڕازی دڵتەنگیی هۆرەکەی
ئا سەی عەلیش ئەمە بێ، نازانم . بۆچە نایتە ماڵەو ڕۆڵە ، تێرت نەخواردگە لە کایەی ناو کووجی
و کۆڵان ! ئاوڕ دەدەمەوە ،حوزنی هۆرەکەی سەی عەلی دایکمی بەرداوە و دڵتەنگیەکانی بە
مل منا هەڵدەڕێژێ . درگای ئەم مەدرەسەگەلە بە هەڕگ بگرن خاسترە، هەر تەحتێڵ ئەوێ ،
مناڵ شەو و ڕۆژیان یەکێکە! هەوڵ ئەدەم کەمێک ئارامی بکەمەوە . ماتڵ نادرم دایەگیان ! دەنگی سەی عەڵی و هۆرەکەی نەماوە . دایکم هەر بۆڵەی دێ . ئامێنەخانمیش
وەک من بە دەس نادرەو گرفتارە . دا ئاحسێن گیان کارێک بۆ ئەم کوڕە بدۆزەرەو، شاگردیی
دوکانێک ، چتێک . بەشکەم لەم تەقە دەروازە و کووچە گەردییە بکەفێ . پووڵێکیش دەرتێرێ
بۆ سەرولیباس خوەی! باوکم خەریکە شووتیەک لە ئاوی حەوزەکە
دەردێنێ. تەک ئامحەمەو قەنادا قسەم کردگە خانم ، قەوڵی داگە سۆزی جواوم باتەو . لە
بەستەنی فرۆشیا شاگردی بکات، هەم خوەر نایسوتنێ، هەمیش موعاشرەت تەک مەردما فێر ئەوێ
! ئاو لە پێستی سەوزی شووتیەکە دەتکێ و باوکم بە لەپی دەست لە
سەر پشتی دەدا . زرێنگەی شووتیەکە نیشانەی ئەوەیە گەیشتوە.
بارام و نادر لەسەردا هاتن، بە ئارامی هەڵەئەسم و دەرگاکە ئەبەستم
. دڵنیام لە بەیانییەوە دەمنێرنە سەر کار و ئیتر لەمە بەدوا ، شەوانە هیلاک و ماندوو، لەگۆشەی ماڵا دائەکەوم . بە بەردەرگای ئەواندا دێین بەرەو خیابان، دەستم ئەخشێنم بە
دەستگیرەی دەروازەی ماڵەکەیاندا و ئەوندەی
تر ئاگرم تێبەردەبێ . ئەم عشق و عاشقیشە بەڵای گیان ئەم
جوانگەلەسە ، ئەونەیشە جورئەتیان نییە راس دڵ خوەیان بەتەرەف بێژن، شایەد لە براو برازاگیان
ئەترسن ! بارام ئەم توانجەم لێ ئەدات ، پێدەکەنێ و شانە باریک و زەعیفەکانی دەلەرێنەوە.
نادر زۆر هەوڵ دەدا هیج نەڵێت ،بۆیە مەوزۆعەکە ئەگۆڕێ ، ماشەڵایش ئیسە تێت ، بەشکەم
ئیمشەو ڕەحمەت نگابان بێ، زوو خەو ئەیواتەوە !قەرارە لە دووکان ئەحمە و مەحمووی
سەوزی فرۆش ، شووتی بدزین. هاوینان شووتییەکی زۆر لەبەر دەرگای دووکان هەڵدەچنن ، شەوانە
بە حەسیر دەوریان ئەگرن، یەکێکیان بەدیاریەوە دەمێنێتەوە و نگابانی ئەدات. ماشەڵا ئەوستادی ئەویە لە ژێر حەسیرەکەوە بە ئارامی شووتییەک
دەربێنێ ، لە ناو جۆگەلەکە دایبنێ و بەروخوار ، بەروە ئێمە پاڵی بدات و ئێمە لە خوارەوە
بیگرینەوە .ئەو ئاوەی کە کانی دارسەیرانەوە دێت، شووتیەکە بە ئارامی تەک خوەیا دێنێ
. لەبەر دووکانی مامەگوڵە دانیشتین .ماشەڵا هات، جەلالیشی لەگەڵ
بوو، جەلال لە کردنەوەی قوفڵی چەرخە حەماڵییەکاندا بێ هاوتایە . وەکوو کارئاگاکانی
نێو فیلمە جیناییەکان، بڕێ شتی پێیە، سەیر و سەمەرەن . ئاشقی کۆ کردنەوەی کەلا شووشەیە
. هەر شەوێک ئەو بێت، حەتمەن چەرخێکمان دەس
ئەکەوێ ، جا ئەوسا یا بەرەو چوارڕیانی شەبڕەنگ
و لەوێشەوە تا لای بیمارستان سوار دەبین، یان بە خیابانەکەی بەر بانکی میلی دا تا بەر
ئینکۆ دەچین، یان بەم بارا لە بەر پارک شارەوە تا نزیکی ستادیۆم . لەمبەرەوە بە بەر دووکانی سوا ئەسێی قەننادا بەروخوار ئەبینەوە
. لەپشتی حەسیری دەوری شووتیەکانەوە نووری
چراتۆڕییەک دیارە ، نیشانەی ئەوەیە کە نگابانەکە نەنووستوە. بچین دواجار ئەگەرینەوە.ماشەڵا
ئەمەی وت و پێشمان کەوت .لە سەر چوارڕا چەند کەسێک لە بەر دووکانی نیکجوودا گەرمی قسەن
، دیارە سەرخۆشن .دەنگی ئەوەی قسە دەکات دەناسمەوە . بە گیان هەرچی مەردە ، لەم شارا
لە خوەی بێسفەتتر نییە، من زۆر حورمەت خۆم دەگرم تەکیا دەسەویەخە نەوم !
عەیزەت بوو . عەیزەت ماڵ شاتر تەقەڕۆبی،
جوانخاس و باڵا بەرز . ئامەنسوور حالیت بوو ؟ خۆ تۆ و کاک ئەحمەو لەوجەوانمەردانەن سەرتان پێ بسپێرن، بە نامووس گشتمان من فرە خاتری
ئەگرم و هیچێ نایژم ، ئەگەرنە خوەتان ئەزانن
چەم لە دەس تێ..ماشەڵا دەستم ڕائەکێشێ و رەت دەبین ..ئەم کەسانەم چەند جار
هەر لێرا دیوە کە بەسەر پێوە دەوەستن و نم نم دەخۆنەوەو و قسە ئەکەن . ئەزانی
عەیزەت عاشقە ؟ کورە هەتیم ئەمە چ قسەیەکە ئەیکەی ئاخر تۆ لە کوێ ئەزانی ! ماشەڵا
هەروا دەستم ئەکێشێ و ئەڵێ بەخوا درۆ ناکەم ئەو رۆژە لە نانواخانەکەی خوەیانا
وێساوم بۆ نان، شانازیش هات، عەیزەت لە پای دەخڵەکا بوو. دەی با بوێ ئەمە بە عاشقی
چ مەربووتە ؟ گەوجە بۆچە ئەونەنەفامی ، نەیهێشت دوو دەیقە بوێسێ دوو سەنگەکی
ناخوونی داپێ، گەرکی بوو پووڵیشی لێنەسێنێ. دەی ئاخر دەسگایی ئەگەر ئاشقی بێ خۆ
حەز ئەکا فرەتر بیوێسنێ و بۆی بڕوانێ، دەسگایی خوەتی نەفام، عەیزەت حەزی نائەکرد
فرە بیوێسنێ بۆ ئەوە ئێمەگەل فرە تواشای نەکەین . ڕائەوەستم چاو لە چاوی ماشەڵا
ئەکەم، لەبەر ئەوەی قاوخانەیان هەیە، ئاگای لە زۆر شتی ئەم شارە یە. رەنگە ڕاست
بڵێ، بیستبوویان کە عەیزەت وتوویە کوشتەی چاوی شانازە . تا ئێمە بگەینە بەر گاراجی
تی بی تی ، جەلال قفڵی زەنجیری چەرخێکی حەماڵی کردوەتەوە ،خەریکە شتێک وەک سوژن لە
کیفێکی زۆر بچووک دەئاخنێ کە هەمیشە لە گیرفانی دایە . کاتێ دەیهەوێ دەستبەکار بێ ،
کیفەکە دەردێنێ ، زیبەکەی دەکاتەوە ،چەند جار
ئەو سووژنە لە کونی قوفڵەکەدا دەسووڕێنێ ،
قفڵ دەکرێتەوە . ماشەڵا زنجیری دەوری
دەسکی چەرخەکەی بە ئارامی لابرد . خێراکەن سوار بن ، جەلال وەرە پاڵ بنە ! من و نادر و بارام سواربوین..بارام و نادر لەپێشەوە دانیشتن
بۆ ئەوەی کاتێ ماشەڵاو جەلال بە سەرسکەوە خۆیان لەسەر دەسکی چەرخەکە دەهاوێن ، چەرخەکە
هەڵنەگەڕیتەوە. بە بەر پارک شارا بەرو ستادیۆم دەڕۆین . بایەکی نەرم لە دەموچاوم دەدات
، خەفەتێکی سەیر دڵی داگرتووم.
چەرخەکە زۆر رەوان و خێرایە، کە دەور هەڵدەگرێ ، گرتنەوەی ئاسان
نییە. ماشەڵا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکات کەوشەکانی لە ئاسفاڵتەکە ئەخشێنێ . جەلال دڵی
نایە کەوشەکانی خەسار بکات . زۆر رۆیشتین . ئێمە دابەزین. جەلال و ماشەڵا سوار بوون
تا هیلاکی دەر بکەن . ئێمە پاڵ دەنین و بە بلوارە تازەکەدا و بە بەر ئینکۆدا دێینەوە
سەر دەکەوین بۆ بەر بانگ ملی و لەوێوە دیسان
بەرەو خوار بۆ بەر ئاموزش و پەروەرش . ئەم خیابانە سەربەرەوخوارترە ، بۆیە چەرخەکە
زۆر خێراتر دەڕوات ، بای فێنکی هاوین و پێکەنینی تێکەڵ بە ترس ، چاوانمی پر کردووە
لە ئاو . باوکەڕۆ، باوکەڕۆ باوکەڕۆ..ماشەڵا یە هاواری دەکات .هەست ئەکەم کەسێک دەستمی
گرتووە ، بەرزمی کردوەتەوە و ئێستە بەری داوم و بەرو زەوی دێمەوە. ئێشێکی سەیر لە بن
هەنگەڵمەوە دێت و تا تەوقی سەرم ئەتەنی . چاو دەکەمەوە . بەسەر قاچی نادرا کەوتووم
. چەرخ بەلایەکدا کەوتووە ، ئێمەش هەریەکەو بەلایکدا. بەقەبری باوکم جارێکی تر خۆم نادەمە دەستی تۆ ئاغە ماشەڵا و
تۆ میزاجەلال ! بارام لە ژێر تەگەری چەرخەکەەو
دەناڵێنێ و جنێو دەدا. ماشەڵا و جەلال پێدەکەنین ،کاتێ نەتوانن چەرخەکە
کۆنتڕۆڵ بکەن خۆیان فڕێ دەدەن و ئێمەش چیمان
بەسەر دێ ، چش . بارام بە شەلەشەل هات و لە تەنیشت من ، لەسەر لێواری مەعجرەئاسنینەکانی
مەدرەسەی خەدەمات دانیشت . وەک هەمیشە لەم جۆرە کاتانەدا پێشبینی یەکانی درووست دەردەچن
. لەدڵ خوەما وتم ئیمشەو
چتێکمان بەسەر دێ. جۆرە شەوێکە ئیمشەو نازانم بۆچە ئەونە نەحسە ! جەلال هات و بەرانبەری
وەستا. دە بەسە ئیتر ، خۆ ئەمە یەکەم جارمان نییە وامان بەسەر دێ کاکە بارام، شوکور
بەخەیر گوزەشت . نەیکەینە تەقە دەروازە؟ نادر وتی و دەستی نایە سەر قاچی بارام
. دەی هەڵسە شابارام، هەڵسە بزانین کێ ئەتوانێ با لە دەرگای ماڵی تەرەف و تا ئەوسەر
کۆڵان نەوەستێ ؟دیارە بارام و منیش ، حاڵ و حەوسەڵەی تەقە دەروازەمان نییە. نە برا من ئیمشەو شووتی نەخۆم،
خەوم پیا ناکەفێ . با بچیینەوە بۆ بەر دووکان ئەحمەومەحموو، حەتمەن ئیسە نگابانەکە
خەفتگە، ئیتر فرە درەنگە . وابزانم هەموومان بووین ئەمان وت . تا سەرچوارڕا زۆری نەماوە
. ئاوڕ دەدەمەو دەبینم تایەکی پێشەوەی چەرخە
حەماڵییەکە لە ناو جۆگەی کەنار خیابانەکەدایە و دوو تایەی ئەولای بەرزبوەتەوە.سبەی
خاوەنەکەی هەموو شار دەگەڕێ و لە نان و ئاو
دەکەوێ . ئەو حەماڵانەی چەرخەکانیان لە نێو بازاڕ دەبەستنەوە بە هاوینان ئەمە حاڵیانە
. تا نیوەڕۆ بەدوای چەرخەکەیاندا دەگەرێن . دابێسن بێسن ئەو چ خەبەرە! بارام هەموومان ڕادەگرێ . تواشا
بکەن سەرچوارا چ خەبەرە ! جەماعەتێک لەسەر چوارڕا خڕ بونەتەوە . ئابەم وەختی شەوەدا
گرد بوونەوەی ئەم هەموو خەڵکە ئاسایی نییە . بەرەو چواڕای ناوەڕاستی شار هەڵدێین. دڕ
بە ئاپۆڕەی خەڵک دەدەم کە بەر دووکانی نیکجووی گرتووە . چەند دیژبانیش لەوێن. رێی خۆم دەکەمەوە، لە سەر پیادەڕەوەکە خوێن ڕژاوە،لە
بن دیوارەکەوە بەرەو نێوە ڕاستی چواڕاکە رێچکەی بەستووە، ناوە ناوە چەند دڵۆپێک و بڕێ
جاریش گۆلێکی پچووک . رێچکەی سووری خوێنێکە
دەمبات تا ئەوبەری چواڕا و بەر دووکان خوسەرەوی . لە بەر ئیدارەی پۆست دا دوو دیژبان و سێ ژاندار بە چەکەوە وەستاون . لەوێ ، ڕاست بەرانبەر
دووکانی خوسرەوی ، لە لێواری جۆگەلەکە خوێنێکی سوور دەڵەمەی بەستووە . خوێنەکە هێشتا
گەرمە. سەرم نەختێ قورس دەبێ، دەچمە ئەو بەرەوە کەمێ خوارتر پاڵ بە دیوارێکەوە ئەدەم
. ژاوەژاوی خەڵکەکە بە گوێمدا دێ. حەیف لەو قەد و باڵا. ئەوە عاقیبەت خیابانگەردییە
براکەم . دوژمن دار بوو کاک ساڵح ، دوژمنی نامەرد. ئاخر کێ بڕوا دەکات ئاوەها لەو جوامیرەیان
دابێ..شاڕەگی ملیان بریوە . بەکارد لێیان داوە. پای ژن بێتە بەین ئەمە ئاکامەکەیە حەبیب
گیان . کوڕێکی تا بڵێ مەردووم دار بوو . وەک شووتی لاملیان بڕیوە ، وەک شووتی . لە
چ کەسیکیان داوە ؟ عەیزەتە کاکە گیان ، عەیزەت.کام عەیزەت. عەیزەت تەقەرووبی.
تێمەوە بەرەو
ماڵ. ئیتر ناتوانم بەسەرپێوە ڕاوەستم. چرا تۆریی پشت حەسیری دەور شووتیەکان خامووشە..بەبەرماڵ
ئەواندا دێمەوە بەر دەروازەی ماڵی خۆمان، خەبەر گەیشتوەتە گەڕەکی ئێمەش . کەس نازانێ
کێ کوشتوویەتی. وان بەشوێن چەن کەسێکەوە. باوکم و ئاسەی عەلی و ئاعارف و حاجی عەلی وەستاون و قسە ئەکەن . مشتی ئاو لە حەوزەکە هەڵدەگرم، دەمووچاومی پێ دەشۆرم. لەتێ
شووتی لەسەر لێواری حەوزەکە دانراوە، رەنگی ئێجگار سوورە.
ئهگهر ههر کهس به قهدهر زانستی خۆی قسهی دهکرد، دونیا چهند ئارام و بێدهنگ دهبوو .