سەنگەری شیعر (شێرکۆ بێکەس ، شیعر و شۆڕش)

سەنگەری شیعر
شێرکۆ بێکەس ، شیعر و شۆڕش*
)پیویست بوو بە قەڵەم ، سەنگەریش لە شیعرا هەڵکەنی(
فەریدوون ئەرشەی
دەیەی ١٩٦٠ی زایینی ،رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بەتایبەت وڵاتانی میسر و فەلەستین ، ئێراق و لوبنان و سورییە، بە هۆی درووست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە بارودۆخێکی تازە و دەگمەندا دەژیان . مقاوەمەت و بەرخۆدان، یەکێ لە گرینگترین مژارە فیکری ، سیاسی و هونەرییەکانی نێۆ پانتایی مەیدانی سیاسەت و کلتووری ئەم وڵاتانا بوو. شکستی هاوپەیمانانی عارەب بەرانبەر بە ئیسرائیل ، کارییگەریەکی هێندە گەورەی لەسەر هەست و ئەندێشەی رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە دانابوو کە زۆربەی بەرهەمەکانیان، بەتایبەت لە بواری شیعر و ئەدبیاتدا، وەسفی ترادژیای مرۆڤکە لە نێوان گێژەنی توانەوە و پاراستنی ناسنامەی خۆیدا نغرۆ کراو . خاک و نیشتمانی داگیر کراو ، ئاوارە بوون و پیلانی نێو دەوڵەتی بۆ دابڕاندنی ئینسانی عارەب و دەرپەڕاندنی لە زێد و نیشتمانەکەی ، ڕەوایی و سەرەوەریی چەک بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسان و خەباتی چەکداری بە شێوە چریکی ، لە زمانی شاعیرانی ناسراوی وەکوو ئەدۆنیس و مەحموود دەروێش و موعین بسیسۆ ، ئەلبەیاتی و کەسانی دیکەوە لە رێگای گۆڤارەکانی عارەبییەوە دەگەیشتنە عێراقی ئەو سەردەمە و حکومەتی ئەو کاتیش کە خۆی یەکێک لە کاریگەرترین و دەوڵەمەندترین پشتیوانانی بەرەی دژ بە ئیسرائیل و پاڵەپشتی گەورەی بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی عارەب بوو، لە بڵاو بوونەوەی ئەو بەرهەمانە بەرگری نەدەکرد. وتاری ناسیۆنالیزمی عارەبی و یەکسان خوازی و بایەخدان بە پێگەی مرۆڤ لە بیروباوەڕی سوسیالیزمی باودا و ریزبەستن لە ئوردوگایەکی هاوبەشدا بەرانبەر بە ئیمپریالیزمی جیهانی ، وتار و شێوازی خەباتی زاڵی ئەو سەردەمە بوو .
هەر باروودۆخێکی مێژووی ، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، زمانی دەربڕێن، شێواز و دەربڕین ، سەمبۆل و ئیماژگەلی تایبەت بە خۆی دەخولقێنێ . ئەو شێوازی دەربڕین و ئیماژ و سەمبۆل و ڕوانینانەی لە شیعری ئەو دەمەی عارەبیدا سەری هەڵدابوو ، نیشانە و رەمزی : بەرخۆدان ، ئاوارە بوون و بێ نیشتمانیی و تەنیایی و ڕەوایی خەبات بۆ بەرخۆدان دژی داگیرکەران ، بە ئاسانی لە زمانی عارەبییەوە دەهاتنە نێو زمانی نووسەران و شاعیرانی کوردی باشوورەوە و بە هەندێ گۆڕانکاری و بە تایبەتمەندیی کلتوور و جوغرافیا و مێتۆلۆژیی کوردییەوە، خەسڵەتی کوردانەیان وەردەگرت و جۆرێکی دیکە لە ئەدبیات و شیعریان پێشکەش دەکرد کە پێشتر هیچ ئاسەوارێکی لەو چەشنە ، لە زمان و ئەدەبی کوردا بەرچاو نەکەوتبوو. دارخورمای عارەب، دەبێتە دار بەڕووی کورد ، شاخ و پێشمەرگە وچەک و شۆڕش دەبنە پاڵە پشت و ڕزگارکەری مرۆڤ، نیشتمان داگیرکراوە و ژێر پێ خراو ،دیجلە و فورات دەبنە رەمزی ئاوارەیی، ئەفسانە و چیرۆکە تراژیکەکانی خەج و سیامەند و لاس و خەزاڵ و برایمۆک و.. دەبنە کەرەسەی وێنا کردنی ئاشقانی نیشتمان و نەگەیشتن بە ئاوات و دەیان تێرمی لەم چەشنە ، ئامرازی تازەی شاعیرانی ئەو سەردەمەن { مۆتیڤ و وێنە و کۆڵەکەکانی بونیادی وێنەسازیی شیعری شێرکۆ بێکەس بەتایبەتی، نیشانەیەکی فرە گەورەیە لە کاریگەریی تیۆری مائۆیی کە پێیان وابوو شۆڕش لە گوند و دیهاتەکانەوە دەست پیدەکات، شێرکۆ و هەواڵانی کە لایەنگری کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوون و دواتر لە یەکیەتی نیشتمانی دا توانەوە ، ئەم تێرمەیان بەجوانی و ناڕاستەوخۆ لە زمانی دەربڕین و ئیماژەکەیاندا بەرجەستە و دیار کردووە } . ئەو دەمە ، سەردەمی شۆڕشگێڕ بوون و ئازاد کردنی خەڵکە لە ئەمپریالیزمی جیهانیی و لووتکەی پێشوازی لە تیۆرەکانی مائۆسێتونگ و مارکس و ئێنگلز ولنین . ئەحزابی چەپ لەو وڵاتانەدا قسەی یەکەم دەکەن و کوردیش بۆ وەدەست هێنانی مافی ڕەوای خۆی خەباتێکی شێلگیرانە دەکات لەلایەکی دیکەوە ، ئازادیی خوێندن و نووسین ، چاپ و بڵاو کردنەوە بە زمانی کوردی لە ئێراقدا و لەبەردەست بوونی بەرهەمی شاعیران کلاسیک و دەیان کتێبی نووسراو لەسەر میژووی سیاسی ، کۆمەڵایەتی و ئەدەبیی کورد، زەمینەیەکی لەبار بوو بۆ گەنجێکی بەهرەمەندی وەکوو شێرکۆ بێکەس تا بتوانێ لە خەزێنەی ئێجگار دەوڵەمەندی کوردی و عارەبی ، پاشخانێکی زمانیی و فیکری بۆ خۆی فەراهەم بێنێ.
هەڵوەشانەوەی بڕیارە پەسەندکراوەکانی حکومەتی ئەو کاتی عێراق لە سەر بەندەکانی بەیاننامەی ئاداری ١٩٧٠ و سەرکووتی ئازادییە مەدەنییەکان بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشێکی تازە لە باشووری کوردستان . ئەم شۆڕشە کە بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی هەموو کوردستانی عێراق و بڕێکیش لە بەشەکانی دیکەی کوردستانی پڕ کردبوو لە هیوایەکی گەش بۆ دیسانەوە دەستەبەر کردنی داخوازە رەواکانی کورد، سەرنجی زۆربەی ڕۆسنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی بۆ بەشداری کردن لە شۆڕش دا ڕاکیشا و شێرکۆش یەکێ بوو لەوانە. دەبواایە وڵامی داخواییەکی مێژوویی بداتەوە:
پێویست بوو شاخ بێتە دەشتایی گیانتەوە
پێویست بوو کڵاوی هەوری ئەو لەسەرکەیت.
ئەبوایە تان و پۆی پەنجەی تۆ و لاسکی گژوگیاو
فەقیانەی دایکت و تەنافی سێدارە تێک ئاڵێن.
پیویست بوو بە قەڵەم ، سەنگەریش لە شیعرا هەڵکەنی.
(دەربەندی پەپوولە . ل٣٧/٣٨)
لەم تێگەیشتنەوە ، دەفتەرێکی دیکە لە ئەزموون و پەنجەرەیەکی دیکە بۆ ڕوانینی ئەم شاعیرە دەکرێتەوە، یان بە واتایەکی دیکە، دەستی ئەوە ئەم پەنجەرانە بەرەو شیعر و زمانی خۆی دەکاتەوە :
ئەی "شاخ"م!
ئەی پەندی بەردینی پێشینیان!
ئەی ملی پڵنگی بە خوێنم خەت خەت و
بە عیشقم داگیرساو!
داستانی سروشتی هەموو کات
بەرانبەر ژوورەکەم خرۆشاو.
لێرەم و ئەمەوێ وەک ڕکت ، تێکەڵی بناری میژووت و ناو هەستی جۆشخواردووی بەندەن و بەردت بم.
...
قوتابی ئاسۆتم
هەمیشە خوێندنەوەی فەرهەنگی گژ وگیان سینەی تۆم
کردوە بە رێگا بۆ چاوم.
ئەشکەوتت بە ژووری خوێندنەوەی کێویم و
لوتکەشت بە وانە و مامۆستام .
ئەمجارە من لە بەر نەینووکی ئاگرت و دیواری دووکەڵتا
زێ ی زریان ئەنووسم نەک شیعر.
(دەربەندی پەپوولە . ل ٥١)
لێرەدایە کە شاعیرێکی خاوەن هەڵوێستی گرێدراوی راستەوخۆ بە ئازاری نەتەوەکەی ، بە بەرپرسایەتییەکی مێژوویەوە دێتە پانتایی شیعری کوردییەوە. بۆ سێرکۆ مێژوو ، هەم شاهیدێکی خوێنینە، هەم ئاسۆیەکی رووناک . دەبێ ئەم میژووە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە، میژوویەک پڕ لە نەهامەتی و هەر دووبارە کراو، دەڵێی بەدەوری بازنەیەکدا دەسووڕیتەوە :
لە عومری شاخەوە
مشاری زامانێ نەماوە سەر نەکا بە خوێنی مێژووتا
لە عومری شاخەوە
پەیکانی سوڵتانێ نەماوە
بە نووکی خۆیەوە ، ئەم سەرە یاخییەت با نەدا .
(دەربەندی پەپوولە.ل )
وا میژژو جۆلانەی شەهیدە
هەموو شەو بە هێشوو، "مانگ"ی سەوز
لە بەفری ناو سەرتا هەڵدێن و
لەپریش لەو دیوی گوڵاڵەی خەونەوە
ون ئەبن.
(دەربەندی پەپوولە.ل.٤٢)
تێكەڵ بوونی ڕاستەوخۆی شێرکۆ بە خەباتی شاخ لە گۆترە و لەسەر هەستێکی خاوی جەوانانە و لە ژێر کاریگەریی هەڵچوونێکی کاتیی دا نییە، ئەو بە بەرنامەیەکی دیاری کراوەوە تێکەڵ بە زەمزەمەی جووبارەکانی چیای شۆڕش بووە:
هاتووم "با"فێرم کات
چۆن ڕووبار ڕاژەنم.
هاتووم بەر فێرم کات
لەسەر ئەو چۆن بڕوێم.
هاتووم ڕەگ فێرم کات
لکوێوە بگەمە دڵی خاک.
هاتووم گوڵ فێرم کات
شیحر چۆن جوان ئەبێ.
هاتووم مەل فێرم کات
تەماشام چۆن بفڕێ
(دەربەندی پەپوولە.ل٤٣)
ئەم جۆرە ڕوانییە ئیستاتیک و جوانیناسانە، بە جۆرێکی زۆر ئاشکرا دەربڕی ئەو ڕوانگەیە کە هەموو جوانیناسیی شیعری شێرکۆ ، لە شاخەوە و لە جەرگەی نیشتمانەوە دەست پێدەکات و هەموو بەستێنی شیعری دەتەنێتەوە. بە نووسینی ئەم وەسفانە ، جۆرێک لە تەقەدووس و پیرۆز کردن دەدات بە خەباتی شاخ کە دەڵێی ئەگەر لەوێ نەبوایە، تەنانەت پریشکی ئاگری ئەوینی نیشتمانی بەرنەدەکەوت :
من هاتووم بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە گەورەیەی
ئەوینی نیشتمان تێم بەربێ.
من لێرە ، لە ناو ئەم ئەوینە چڕەدا
دڵنیام وەک ڕاستیی.
من لێرە ، لە ناو ئەم دەربەندی دووکەڵ و ترسەدا
ئاسوودەم وەک سەمای ئازادی.
(دەربەندی پەپوولە.ل٤٤)
لەو بارودۆخە دژوارەدا کە رژێمی بەعس، هەموو دەرەتانەکانی لە هەڵسوڕاوانی ڕاستەقینەی سیاسی و فەرهەنگی بەستبوو، روو کردنە شاخ و نووسینی شیعری شۆڕشگێڕانە ،بەو تایبەتمەندییانەوە کە پێشتر باسم کرد ، بۆ پاراستنی ناسنامە و هویەتی مرۆڤی کورد ، دەکەوتە بەر رەخنەی ئەوانەی نەیاندەویست، شیعر و ئەدەبیات، بە شێوەی ڕاستەوخۆ باسی سۆڕش و کێشە سیاسییەکان بکات و دەبێ لایەنی هونەری خۆی و ئەرکی جوانییناسانەی خۆی بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی دەربڕینی هونەریانە فەرامووش نەکات، بەڵام شێرکۆ پێداگریی لەو شێوازەی کە بۆ ئەو قۆناغەی ژیانی ئەدەبیی خۆی هەڵیبژاردوە دەکات :
پێویست بوو ئەو کاتەی شڵپەی خوێن لە ڕۆخی لەشەوە، ئەگەیشتە گوێ مێژوو،
لەو زەریا سوورەدا، ئەبوایە چارۆگەی بەلەمی دەنگی خۆت هەڵبکەی.
چی ئەکەی ؟ئەو کاتەی کە مردن سەربازی دەوڵەت بێ و تۆش لە کێو ، درەختی قەڵەم بێ؟
چی ئەکەی ئەو وەختەی کە شانۆت پەنگر بێ و گوێ گرت تفەنگ بێ؟
-هەر ئەبوو، وابکەی، هۆنراوە
بە نووکی بڵێسە بنووی و
دۆزەخیش بۆ ترس و بێ دەنگیت دابخەی!
(دەربەندی پەپوولە.ل ٣٨/٣٩)
شێرکۆ ئەوەندە لە کارەکەی خۆی دڵنیایە و دەزانێ کە بە تێکەڵ بوونی خۆی و شۆڕش، تێکەڵ بوونی خۆی و ئازاری میلەتەکەی، لە چ ئاستێکدا دەژیت:
لە نێوان وشەی تۆ و کانیدا جودایی نەماوە
لە نێوان قەڵەمت و لاسکدا جودایی نەماوە
لە نێوان دەروونت و ئاگرا جوادایی نەماوە
لە نێوان نەفەست و هەوادا جودایی نەماوە
تۆ ئێستە کەنیسمەی سەرتاشە بەردێکی مێژوویت و
بە خوێندن بەژنی "با" سوور ئەکەیت.
تۆ بە باڵ ئەبینی و بە چاوت کیشوەری ئەم سۆزە تەی ئەکەیت
کە گەڵا بکوژرێ ناتوانی دەنووکت کلیک دەی
تۆ ملت ژێی خاکە و دەستی ئاو دەتژەنێ
کە ئاوێک کوێر بکرێ ناتوانی پەنجەرەی شەتاوت دابخەی.
تۆ یاڵی ئەم ئەسپی کەژانەی
کە جوانووی شەماڵێ سەبڕن ناتوانی قەت حیلەی سنجرت خەفەکەی.
(دەربەندی پەپوولە.ل ٧١/٧٢)
ئەمانە هەمووی لە سایەی ئەو هەڵوێستەوە هاتووە کە شاعیر بۆ تێکەڵ بوون بە ئازار و ئاواتی میلەتەکەی گرتویە . رەنگە هیچ شاعیرێکی هاوچەرخ لە زمانی کوردی دا بە قەدەر شێرکۆ بێکەس چۆنیەتی کار و پێگەی شیعری خۆی ستایس نەکردبێ، ئەم ستایس کردنە لە هەندێ شوێندا راستە و بێ هیچ گومانێک لە لایەن خوێنەرەوە وەردەگیرێ.
خاڵێکی زۆر گرینگ لە کارنامەی شیعری ئەم شاعیرەدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەی نووسەری شکۆمەندیی و خەم و ئازارەکانی میلەتەکەی خۆیەتی و شکۆ و سەربڵندی ئەو میلەتە بە سەربڵندی پێشمەرگەوە گرێ دەدات و لێکیانی جودا ناکاتەوە، لاوازییەکانی شۆڕشیش دەخاتە بەر تیشکی ڕەخنە و باسیان دەکات. هەموومان دەزانین کە گوند و لادێیەکانی کوردستان لە هەموو دەورانێکی سەرهەڵدانی شۆڕشدا ،لانکەی پێشمەرگە و پشتیوان و حەشارگەی هێزە سیاسییەکان بووە و ماڵ و حاڵ و نانی سفرەی خۆی لەتەکیانا بەش کردوە و بڕبڕەی پشتی شۆڕش بووە :
دەمێک بوو ئەو گوندە
تا پست مل قوڕاوی و کوڵەنجە شڕانە
ئەو خەمە دەست و پل زبرزنەیوڵآتم
بازوڵەی ئازادی و بۆ هەزار هەزاران
سروودی ڕاکردووی شەقامی شارانم لانکە بوون
...
دەوران دەور ، دەمێک بوو ئەوانە هەر هەڵمی
گوڵآوی ڕەنج بوون و ژەم بە ژەم
لە گونکی هەژاریی خۆیانیان بۆ کردین بە نان و
لە شەوی کونکونی خۆیانیان پیاداین و
بەڕیزە درەختی باڵایان سێبەریان بۆ کردین
ئەو گوندە دەم و چاو خۆڵاویی و پێ پەتی و ڕووتانە
باوەشیان کادان بوو
قسەیان باسووق و
منداڵیان ڕێواس و
گەورەیان پەل وپۆی دار شاتووی ناو دێ بوون
دەوران دەور
ئەوانە هەر پڕمەی ئێستری سەر پلەی
ژێر باری تفەنگی ئێمە بوون.
( دەربەندی پەپوولە. ل ٥٣/٥٤)
بەڵام کاتێ شۆڕش لاواز دەبێ و ناتوانێ بە ئاکامەکانی خۆی بگات و سیاسەت و حزبایەتی و چەند بەرەکی و براکوژی شۆڕش و پێداویستییەکانی دەیکاتە سەرباری نیشتمان، شێرکۆ بێکەس ئاوای دەبینێ:
دەریاچەی ڕۆژگاری سەردەمێ
وەک سەرمان لیخن بوو.
سیاسەت ، گایەکی بەلەسەی چاو سووری تووڕەبوو
هەموومان –مێژوو-مان بە کەللە و قۆچیەوە بەستبوو.
زریکەی کەروێشکی شیعرمان لە بێشەی تفەنگدا
وەک خوێنمان لە چڕیی تاوان و تۆڵەدا ون ئەبوو
ڕێگەکان هەر خۆیان
پردی سەر خۆیان و
قۆناغی بەردەمیان سەربڕی
...
گوڵ گوڵی ئەکوشت و
شاخ شاخی ئەکوشت و
هەموویشمان لەوێ بووین !
ئەم بارودۆخە دەگمەنەی شۆڕش کە پێچەوانەی ناوەرۆک و داخوازییەکانییەتی دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک و دەربڕینی لە لایەن شآعیرەوە:
لەبیرتە؟ ئەو ساڵە نەزۆکە
بە بزنە رێ یەکی بێ ئاوی نیوەڕۆی هاویندا ئەرۆیشتی
تفەنگی سەرشانت سێبەری تینوێتی و
تابووتی مەرگێکی گەڕۆک بوو .
بۆ ئێوە ، بۆ ئەوان، هەمووشت تارمایی
ترسێکی هەمیشە ئامادەی درێژ و بەرین بوو .
داروبەرد ، ئاژەڵ و باڵدار و هەتاکوو
بریسکەی چاوانی پشیلەیش لە شەودا،
بۆ هەموو، نیشانەی بانگدانی مردن و نێو فاقەی کەمین بوو .
بە شاخی ماندوودا داگەڕای
چویتە ناو برینی گوندەوە .
ئەو، کە هات دارهەرمێ ی سەرتاپا ڕەشپۆش بوو.
ئەو، بۆنی مەرگێکی زۆر تازەی لێ دەهات.
ژنێ بوو لە مێژووی زامداری شاخ ئەچوو
ئەو سەری مێردەکەی لە سینگیا نیشاندای
ئەو، شیری گریاوی ساواکەی بۆ هێنای
پێ ی وتی:
بۆ هاتووی؟
چی ماوە تا بۆی بێن؟ بێژەنگی لاشەمان؟
یان نانی خوێناویی؟
چی ماوە بۆی هاتووی؟
تفەنگتان بۆ خۆتان!
شۆڕشتان بۆ خۆتان!
کوردستان بۆ خۆتان!
چی ماوە بۆی هاتووی؟!
شەڵاڵی شەرمێکی گەرم بووی. ئەو وەختەی وەرچەرخای مردبووی!
بە هەمان بزنە رێ ی تینوودا
بەهەمان سەر شاخی ماندوودا سەرکەوتی
لە ملەی پشتەوە
باگژەی ڕقاوی ، بە هەڵپەی تەپ و تۆز هەڵیکرد
تەندووری گەردەلوول گەیشتە بەردەمت و
تیا ون بووی !
( دەربەندی پەپوولە. ل ٥٧/٥٨/٥٩)
ئەمەیە ئاکامی ئەو شۆڕشەی لە نێخۆی خۆیدا کرمێون بووبێت و لە گێژاوی سیاسەتی چەند بەرەکی و خۆکوژی و یەکتر کوژیدا سووڕ بخوات . شێرکۆ بێکەس لە هەندێ بەرهەمی دا بەڕاستی ئاوێنەی باڵانوێنی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیەتی، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی توانیبێتی ئاستی هونەری شیعریش ڕابگرێ و تەنیا بە درووشم ڕازی نەبێت:
نیازم وایە ئیتر ئەستێرەی یادگار ،
لە کلۆری هیچ دارێکی زڕی خەڵکا نەشارمەوە
( دەربەندی پەپوولە.ل ٨٦)
لە پاش نسکۆی ١٩٧٥ و تێکچوونی شۆڕش، فەزایەکی زۆر زۆر نائومێدانە بەسەر هەست و ئەندێشەی رۆشنبیران و خەڵکی کورددا زاڵ دەبێ. شێرکۆ هۆکاری ئەو شکستە زۆرتر لە کەمتوانایی سەرکردایەتی شۆڕشدا دەبینی و دواتر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێدا ، بەداخەوە دەبێتە دەنگی لایەنێک لە نێوان دووبەرەی شەڕی براکوژی دا . سەڕای ئەمانەش دواتر تێدەگات کە هۆکاری شکستی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد، ناوەستایی سوارەکان نییە :
هەر لەبەر نەزانیی سوار نی یە
ئەم شاخە هەموو جار ئەگلێ.
دارخورمای خواستراوی "سوریا"
لە " بەردەقارەمان" سوارتر بوو؟
ئەم کێوە بە تەنها و بە سکی برسی هەر
ئەوەندە غار ئەکا!
(دەربەندی پەپوولە.ل ٨٣)
ماوەیەکی زۆر تا کاتی کارەساتی هەڵەبجە، شێرکۆ بەردەوام دەنگی نووساوی کوردە و هاواری دەرد و خەمەکانی. بەڵام کارەساتی هەڵەبجە بەیەکجاریی دەراوی دەنگی شیعری شێرکۆ دەتەقێنێتەوە و لەوە بەدوا دەبێتە شینگێڕی میلەتێک بەهەموو ترادژیای بوون و نەبوونییەوە. قۆناغی پاش کارەساتی هەڵەبجە، لە شیعری شێرکۆ بێکەس دا قۆناغێکی گرینگە و پێویستی بە لێکدانەوەییەکی دیکە هەیە:
وەرچەرخا تاریکیم
ئەم شەوە شەوێکی جیاترە
وەرچەرخا ڕووناکیم
ئەم خۆرە خۆرێکی جیاترە
لەم دێڕە بەولاوە
ئاوەڕۆی وشەکان لە دەنگما ئەگۆڕم
لەم ڕەنگە بەولاوەر
بافڵی ڕەنگەکان لە چاوما ئەگۆڕم.
فەرهەنگم تەنگە تەونگ، هەوڵتەقی
لە بەری ئەشکەنجە و ژواردا
چوارچێوەی ئەم لەشە پابەندەم
بۆ ڕۆحی ڕافزیم دەست نادا!
(دەربەندی پەپوولە.ل ١١١/١١٣)
بێ هیچ شک و گومانێک ، شیعری شێرکۆ ، لە نێو شیعری شاعیرانی هاوچەرخی کوردیدا، بێ هاوتایە و سەرچاوەیەکی فرە گرینگە بۆ لێکدانەوە ژیان و خەیاڵی میلەتی کورد ، بەتایبەت لە کوردستانی عێراق دا و لە هەمان کاتدا ، ناسینی رەوتی شیعری هاوچەرخمان. شیعری شێرکۆ لێوان لێوە لە وێنەی سەیر و سەمەرە، لێکچواندن و لێکئاڵاندنی وشەکان، سەرشارە لە داهێنانی دەربڕینی ناوازە و تازە.. پڕاوپڕە لە وەسفی دەگمەنی دیمەنی کوردەواری و لێوڕێژە لە وشەی رەسەنی کوردی .لە هەمان کاتدا ، شێرکۆ وتەبێژی ڕاستگۆی ژیان و کارەساتەکانی سەردەمی ئێمەیە:
درێژە دووکەڵی ئەم بێشە غەمناکە
وەک بەژنی نەخشەکەم
درێژە فرمێسکی ئەم شآخ و داخانە، لە دیجلە و فوراتیش درێژتر
درێژە هاواری کۆڵان و شەقامی ئەم لەشە ، تا لای خوا
درێژە ئازاری ئەلف و بێم، لێرەوە هەتاکوو لای "خانیی"
درێژە ، درێژە ، درێژە غەریبیم،لە هێڵی ئاسنی ئوروپاش درێژتر
نازانم ئەز چیتان بۆ باسکەم ؟
*لەم نووسینە کورتەدا، تەنیا دیوانی (دەربەندی پەپوولە)م لەبەر دەست بووە.
ئهگهر ههر کهس به قهدهر زانستی خۆی قسهی دهکرد، دونیا چهند ئارام و بێدهنگ دهبوو .