کوژراوە لە مندا من

(بە بیانووی مەرگی ئەو هەموو شاعیرە لە وڵاتە تەنیاکەمدا)
فەریدوون ئەرشەدی

مەستێک بە بازاڕای وشەکاندا

بە کووپەیەک شەرابی نەدیتراوەوە
بێدەنگ ،
هەڵدەکا با لە ئێسقانی زەمان دا
دەلەڕێتەوە حەنجەرەی باخان بە قەتاری شین
پیاڵە دەدرێ لە پیاڵە
بەلادا دێن یەک بە یەک شیعری سەرکەش .
کوژراوم لە خۆم دا من
کەوێکی دڵتەنگ بە قەفەسێ قاسپەوە
شەوارەی مەستییەکی دوور
لە چاوی دێوجامەی جەهان دا
مەیلەوشین .
چ ناوادە لە خۆمدام خامۆش
دەپەیفم بە واژەی هەڵوەریوو
کە شاعیری مەرگم
بە باوەشێ گوڵی شۆڕانەوە
لە نێوان ئەزەل و ئەبەد دا وەیلان
چەشنی خدر .
دەشەنگێ لە بوونما مەرگ
نە بە بەرگی خەزانەوە شاژن
کە مەستی نووستنی بێ وادەمە
بە هیمەتی پیاڵەیەک
تاریک .